ماوه‌یه‌که زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد(ئێران) له ژیان و چوارچێوه‌ی ژیانی نه‌ریتی خۆی دابڕاوه، دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نیه که هه‌مووی کورد له هه‌موو شوێنێکی کوردستان له ژیانی نه‌ریتی دابڕاوه به‌ڵام به گشتی له دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران؛ به زیادبوونی دانیشتوانی شار و پرۆژه و پلانه‌کانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و کولتووری رژیمی زاڵ به سه‌ر کوردستاندا، زیادبوونی ورده پیشه و چوونه‌سه‌رێی ئاستی خوێندنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، په‌ره گرتنی پێوه‌ندی و ئاڵ و وێری زانیاری و …تاد، کوردستان تووشی تێپه‌ڕبوون له فۆڕم و ستایلی ژیانی پێشووی خۆی بوو. به واتایه‌کی دیکه کورد نه‌یتوانی بۆخۆی و له سه‌ر ئه‌ساسی ویست و پلانی داڕێژراوی رێبه‌رایه‌تی خۆجێیی خۆی بڕیاری گۆڕان و تێپه‌ڕبوون له سه‌بک و فۆڕمی ژیانی پێشووی خۆی بدات.
قۆناغی تێپه‌ڕبوون به‌رهه‌مهێنه‌ری کۆمه‌ڵیک گۆڕانه، کاتێک رۆژئاوای ئوروپا له نه‌ریته‌وه به‌ره‌و مۆدێڕنیته هه‌نگاوی نا، کۆمه‌ڵیک قه‌یران به‌رۆکی گرتن، به‌ڵام ئوروپای ئه‌وکات خاوه‌نی رێبه‌رییه‌کی به‌رپرسیار و خۆجێیی بوو. سه‌باره‌ت به تێپه‌ڕبوون و گووزه‌ر له نه‌ریته بۆ مۆدێڕنیته، وانیه که کۆمه‌ڵگاکانی‌تریش هه‌مان سیکل و ناوه‌رۆک ته‌جرووبه بکه‌ن، به‌ڵام جێی ئاماژه‌یه که به گشتی قۆناغی تێپه‌ڕبوون بێ به‌ری نیه له قه‌یران و زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگا وه‌کوو؛ کۆمه‌لایه‌تی، ئابووری، کولتووری، دینی و سیاسی ده‌گرێته‌وه.
کۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی کوردستان به دوای هاتنه‌ده‌ر له فۆرمی ژیانی نه‌ریتی- زۆرتر له ژێر کۆنتڕۆل و ده‌سته‌ڵاتی رژیمی زاڵ به سه‌ر کوردستان- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه بچێته نێو فۆرمی ژیانێکی مۆدێڕن و سه‌قامگیر، به‌ڵکوو له مێژساڵه له قۆناغی تێپه‌ڕبووندا گیرۆده‌ی ئازار و قه‌یران و گرفته‌گه‌لێکی جۆراوجۆر بۆته‌وه. خۆرهه‌ڵات لێره‌دا تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تریشی هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه که کۆمه‌ڵگه سیاسی‌یه‌که‌ی (حیزب و رێکخراوه‌کان) له نێو خه‌ڵکه‌که‌ی خۆیاندا ناژین. ئه‌م هۆکاره و زۆر هۆکاری دیکه کۆمه‌ڵگای سیاسیشمانی خستۆته ناو قۆناغی تێپه‌ربوون.
په‌رته‌وازه‌یی و دابڕان یه‌کێک له کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگای سیاسی ئه‌مرۆکه‌مانه. به‌ڵام بێجگه‌له دابڕانه‌کانی نێو حیزبه‌کان، دابڕانی حیزبه‌کان له کۆمه‌ڵگای کورده‌واری گرنگی و شوێندانه‌ری زیاتری هه‌بووه له سه‌ر دۆخی قه‌یراناوی حیزبه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان. زه‌رووره‌تی پێداچوونه‌وه و به خۆداچوونه‌وه و گۆڕان و چاکه‌سازی به سرنج‌دان به واقعی کۆمه‌ڵگا و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیی به مه‌به‌ستی رووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ داهاتوو، بۆ حیزبه‌کانی خۆرهه‌ڵات و چاره‌نووسی سیاسی کورد له ئێران ئه‌رکێکی حه‌یاتیه. له‌م نێوه‌شدا پێموایه که حیزبی دێموکرات به‌ش و به‌رپرسیارێتییه‌کی زیاتری وه‌به‌ر ده‌که‌وێ.
زیاتر له سالێکه رێبه‌ریی حیزبی دێموکرات له ژێر ناوی چه‌مکی ” راسان” باس له قۆناغێکی نوێی خه‌بات ده‌کات. به له‌به‌ر چاوگرتنی باسه‌کانی پێشوو پێموایه که رێبه‌ری حیزبی دێموکرات – پێویسته- راسان له نێو پانتای” قۆناغی تێپه‌ربوون” و له هه‌ناوی قه‌یران و کێشه‌کانی تایبه‌ت به‌و قۆناغه‌دا بمه‌یه‌نێت و له نه‌هایه‌تدا – کورت ماوه- راسان ببێته ئه‌ندێشه‌ی رابه‌ر و هه‌یکه‌لێکی سیاسی بۆ په‌ڕاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری له‌م قۆناغه هه‌ستیاره پڕ له نرخه‌ی خۆرهه‌ڵات.
@KawaAhangari
www.ahangari.info