“خەونی كورد لە ئێرانی كۆماری ئیسلامیدا نایەتەدی”

پێنج مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران و لە ئێستەوە ململانێی باڵە ناوخۆیییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێ كردووە. كورد چوار خولە بە گەرمی لەو هەڵبژاردنانە بەشداری دەكات و باڵی ریفۆرمخواز لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆرینەی رەهای دەنگەكانی بەدەست هێناوە. 

سەرباری ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی سەركۆماری لە ئێران كردووە، هاووڵاتییانی رۆژهەڵات بەو هیوایەی بەشێك لە دروشمەكانی باڵی ریفۆڕمخواز بۆ كەمە نەتەوەكانی ئێران جێبەجێ بكرێت و داواكارییەكانیان بگاتە گوێی دەوڵەت، پشتیوانیان لە پاڵێوراوی ریفۆڕمخوازەكان كردووە و چوونەتە سەر سندووقەكانی دەنگدان، بەڵام ئایا ریفۆرمخوازان كاریان بۆ ئەو خەونانە كردووە كە كوردی رۆژهەڵات لە پێناویدا دەنگیان داوە؟.

كاوە ئاهەنگەری چالاكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ “وشە” رای دەگەیەنێت، بەڵێنی پاڵێوراوان لە ئاستی خەونی كورد لە ئێراندا نەبووە، ئەگەر چاوێك بە مێژووی سیاسیی رۆژهەڵاتدا بخشێنین، بە روونی دەردەكەوێت چ ماف و داواگەلێك لە پشت خەونەكانی كوردەوەیە”.

ئاهەنگەری لەسەر ئەو بڕوایەیە خەونی كورد بۆ گەیشتن بە مافەكانی بەپێی دەستووری هەمیشەیی ئێران رێگە پێ نەدراوە و وەك ئاماژەی پێ دەدات “بەپێی یاسای بنچینەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەندێك یاسای پەسندكراو كە لەلایەن شوورای بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە پەسند كراون، هەروەها گۆشەنیگای تایبەتی رژێمی ئێران بۆ كوردستان، هاتنە دی خەونەكانی كورد لە ئێرانی ژێر دەستەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا نەك نایەنە دی، بەڵكو هاتنە دیی ئەو خەونانە بە مانای گۆڕانی بنەڕەتییە لەو رژێمەدا، پێم وایە ئەوەیش لە خەونێك زیاتر نییە یان بە مانای نەمانی ئەو رژێمە دەبێ، بۆیە بە گشتی تایبەتمەندی پرسی كورد و كۆماری ئیسلامی دوو هێڵی یەكتر بڕن”.

كۆمەڵێك چالاكی سیاسیی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە فەرمی چوونەتە ناو باڵی ریفۆڕمخوازان و بە كوردانی ریفۆرمیخواز خۆیان پێناسە دەكەن. ئەوان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا خۆیان دەپاڵێون و پێیان وایە “سیستەمی سیاسیی لە ئێران دەرفەتی ئەوەی هەیە مافە فەرهەنگی و مەدەنییەكانی كورد نەك وەك نەتەوە، وەك ئەتنیكێك دەستەبەر بكرێ”.

بەشداریكردنی كوردانی رۆژهەڵات لە هەڵبژاردنەكانی ئێران جیاوازی تێڕوانینی لە نێوان حزبەكانی رۆژهەڵاتدا دروست كردووە و تارادەیەك ناكۆكی گوتاری لە نێوان تێڕوانینە لەمێژینەكەی ئۆپۆزسیۆن و دەنگێكی تازە دروست كرد كە باس لەوە دەكات، “كورد دەبێ ناكۆكی نێوان باڵەكانی كۆماری ئیسلامی وەك هەل بقوزێتەوە و بەسوودی لێ وەربگرێت”. بەڵام كورد لە ناوخۆی رۆژهەڵات گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانێ یارییەكی لەو شێوە بكات و بە سەركەوتوویی لێی دەربچێت؟ ئایا پێویستە كورد تێكەڵ بە ململانێی ناو سیستەمی كۆماری ئیسلامی بێت.

ئاهەنگەری دووپاتی دەكاتەوە، “جەوهەریی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ پرسی كورد ناتەبایە، بۆیە لەوانەیە بە هەندێك كەس بۆ گەیشتن بە هەندێك پلەی حكوومەتی ئەویش نە هەموو پۆستێكی حكوومەتی دەرفەت بدرێ، بەڵام تا ئێستە هیچ كوردێك نەیتوانیوە ببێتە سەرۆك یان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، هەرچەند بەپێی یاسای بنچینەیی كۆماری ئیسلامی كورد ناتوانێ ببێتە سەركۆمار”. بەڵكو لە كاتی سەرۆك ‌كۆماری ئێستەی ئێراندا بە وتەی خۆیان، لە نێو هەموو كوردەكاندا، تاكە كوردێكیان نەدیوەتەوە كە شیاو بێ بۆ پۆستی پارێزگاری سنە.

“لە بنەڕەتدا شتێك وەك هەل بۆ كورد بوونی نییە. چالاكانی كورد لە ناوخۆ بەهۆی ئەوەی ناتوانن پۆستە سەرەكییەكانی سیاسی وڵات بە دەستەوە بگرن، ناشتوانن سوود لە ململانیێ نێو باڵەكانی رژێم ببینن، بەڵكو ئەوە خەباتی شاخ و شارە كە دەتوانێ ببێتە هەوێن بۆ پێكهاتنی هەندێك تەنگژە بۆ رژێم، بەڵام ئەوەش بە مانای وەدیهاتنی خەونەكانی كورد لە ئێراندا نییە” ئاهەنگەری وای گوت.

هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران رۆژی 19ی ئایاری 2017 بەڕێوە دەچێت و لە ئێستەوە هەردوو باڵی ریفۆڕمخواز و باڵی توندئاژۆی ئێران، كەوتوونەتە ململانێ، هەرچەند وادەی هەڵبژاردنی سەركۆماری لە ئێران رۆژی 14ی حوزەیرانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو وادەیە دەكەوێتە ناو مانگی رەمەزان، وادەی هەڵبژاردنەكە پێش خرا و هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەركۆمار، خەڵك دەنگ بە شوورای شار و گوندەكانیان دەدەن.

وشە – هیدایه‌ت جان

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *