کاوە ئاهەنگەری: حیزبوڵڵای لوبنان ده‌ستکردی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک پشتیوانیی له‌م گرووپه تێرۆریستییه کردووه؛ ئه‌وه‌ش له حاڵێکدایه که حیزبوڵڵاش هۆکاری سه‌ره‌کیی دۆخی ئه‌مڕۆکه‌ی لوبنانه

وتووێژ: بێهزاد قادری

پاش تەقینەوە گەورەکەی ڕۆژی سێشەممە لە بەندەری بەیرووت، خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە لوبنان دەستی پێکردووە و ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ، تێکەڵچوون لەنێوان پۆلیسی لوبنان و ناڕازییان بە نیزامی سیاسیی ئەم وڵاتە لە بەیرووت هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، گرووپێک لە ناڕازییان دەستیان بەسەر بینای وەزارەتی دەرەوەی لوبنان و هەروەها هەندێک بینای دەوڵەتیی دیکەدا گرتووە.

بۆ تاوتوێکردنی دوایین ڕووداوەکانی لوبنان، وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز “کاوە ئاهەنگەری” چالاکی سیاسی و شارەزا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناڤین پێک هێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

١– بۆچی دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، ئاوەها خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان؟

له‌به‌ر ئه‌وه‌یکه ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه، ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له چه‌شنی ڕووداوه‌که‌ی فوکوشیمای ژاپۆن یان له‌به‌ر هۆکارێکی وه‌ک هه‌ڵه‌ی مرۆیی نه‌بووه، به‌ڵکوو وه‌کوو زۆر لایه‌نی ئاگا باسی لێوە ده‌که‌ن، ئه‌م شوێنه له ده‌ستی حیزبوڵڵای لوبناندا بووه و حیزبوڵڵا ئه‌و به‌شه له به‌نده‌ری لوبنانی کردبووه ئه‌نباری ته‌قه‌مه‌نی و ماده‌ی مه‌ترسیدار. واته خه‌ڵک له ده‌وڵه‌ت تووڕه‌ن که بۆچی ده‌بێ به‌شێک له به‌نده‌ری لوبنان له ده‌ستی گرووپێکی تێرۆریستیدا بێت نه‌ک ده‌وڵه‌ت. له ڕاستیدا ئه‌مه به جۆرێک ناکارامه‌ بوون و نه‌بوونی ئۆتۆریته‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت؛ چوونکه ڕاگرتنی ٢٧٠٠ تۆن نیتراتی ئامونیۆم ئه‌ویش به دوور له ده‌سه‌ڵات و ئاگاداری ده‌وڵه‌ت له به‌نده‌ری به‌یرووت به مانای بوونی ده‌وڵه‌تی له سێبه‌ردایه، هه‌ر بۆیه‌ش بێجگه‌ له داوای ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، خوازیاری چه‌ک داماڵین له حیزبوڵڵاشن.

٢– نوێترین زانیارییەکان لەسەر خۆپیشاندانەکانی بەیرووت چییە؟

خۆپیشاندان به‌رده‌وامه، خه‌ڵک زۆر تووڕه‌ن له ده‌وڵه‌ت و به نیزامێکی ناکارامه و گەندەڵی ناو ده‌به‌ن و ده‌یانه‌وێت گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی پێک بێت له پێکهاته و دۆخی سیاسیی لوبنان. خۆپیشانده‌ران ویستوویانه بچنه نێو پارمان و له زۆربه‌ی شوێنه‌کانی به‌یرووت خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌یه‌.

٣– داواکاریی خەڵکی ناڕازیی لوبنان چییە؟

وه‌کوو باسم کرد، ئێستا دوو داوای سه‌ره‌کییان هه‌‌یه: یه‌که‌م ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و پێکهێنانی گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی له پێکهاته‌ و دۆخی سیاسیی لوبناندا و هه‌روه‌ها چه‌ک داماڵین له حیزبوڵڵای لوبنان که به سه‌ره‌کیترین خه‌تاباری ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه و کوژرانی نزیک به ١٦٠ که‌س و برینداربوونی سه‌دان که‌س و خه‌ساره‌تێکی ماڵی نزیک به ١٥ میلیارد دۆلار، دێتە ئەژمار.

٤– ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان چ کاریگەرییەکیان لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری و هەروەها ژیانی خەڵکی لوبناندا داناوە؟

له ڕاستیدا ڕۆڵی سه‌ره‌کی. یه‌که‌م حیزبوڵڵا وه‌ک گرووپێکی تێرۆریستی که بووەته مایه‌ی ئاژاوه و زۆربوونی توندوتیژی و هه‌روه‌ها قوڵتربوونی کێشه‌کانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان و ناوچه‌کە، هەروەها ڕۆڵی سه‌ره‌کیی هەیە له ناسه‌قامگیری و تێکچوونی بارودۆخی لوبنان. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه حیزبوڵڵای لوبنان ده‌ستکردی کۆماری ئیسلامییه و له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا ئه‌وه کۆماری ئیسلامییه که به هه‌موو شێوه‌یه‌ک پشتیوانیی له‌م گرووپه تێرۆریستییه کردووه و پێداویستییه‌کانی دابین ده‌کات. ئه‌وه‌ش له حاڵێکدایه که حیزبوڵڵاش هۆکاری سه‌ره‌کیی دۆخی ئه‌مڕۆکه‌ی لوبنانه. بۆیه ئه‌م دوو فاکتۆره (حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامی) لهلایه‌ن خۆپیشانده‌رانیشه‌وه به تاوانبار دێنه ئه‌ژمار.

٥– بە ڕای ئێوە، لە لوبنان کۆتایی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا گەیشتووە؟

هه‌موو ئاماژه‌کان به ئێمه ده‌ڵێن که کۆتایی کۆماری ئیسلامی‌ نزیکه، جا ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی له هه‌ر ڕێگایه‌که‌وه بڕووخێت و کۆتایی پێ بێت، ئه‌وه توندئاژۆیی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زۆر که‌متر ده‌بێته‌وه و ده‌توانم بڵێم که ئه‌ستێره‌ی ته‌مه‌نی حیزبوڵڵاش به‌ره‌و کووژانه‌وه ده‌چێت. من پێم وایه گه‌لانی جیهان به‌و قه‌ناعه‌‌ته گه‌یشتوون که بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی هێمنی و ئاشتی، پێویستیان به نه‌هێشتنی کۆماری ئیسلامی یان به‌ستنه‌وه‌ی ده‌ست و پێی ئه‌م ڕێژیمه تێرۆریستییه‌.

٦– باس لەوە دەکرێت کە “حەسەن نەسروڵڵا” هەڵاتووە؛ هەروەها دەوترێت کە لە سووریەیە یان لە ئێران؛ ئێوە لەمبارەوە چ بۆچوونێکتان هەیە؟

ئه‌وه‌ی که هه‌ڵاتووه یان نا، بۆ منیش زۆر ڕوون نییه، چوونکه دۆخه‌که جۆرێکه ئه‌گه‌ر له لوبنانیش بێت له‌وانه‌یه نه‌توانێت خۆی ده‌ربخات له‌به‌ر تووڕه‌یی و خرۆشانی خه‌ڵک، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وای دابنێین که هه‌ڵاتووه، ئه‌وه وه‌ک لێکدانه‌وه‌یه‌کی لۆژیکی، بیری منیش هه‌ر بۆ لای ئێران و سووریه ده‌چێت.

٧– بۆچی ناڕازییان دەستیان بەسەر چەندین بینای دەوڵەتیدا گرتووە؟

هه‌مووی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕاده‌ی ناڕازی ‌بوونی خه‌ڵک له ده‌وڵه‌ت. خه‌ڵک به ئاشکرا ده‌وڵه‌تیان پێ گەندەڵ و ناکارامه‌یه. بۆیه زۆرتر هێرش ده‌که‌نه سه‌ر بینا ده‌وڵه‌تییه‌کان.

٨– باس لەوە دەکرێت کە چەند وەزیری دەوڵەتی لوبنان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە؛ ئەمە دۆخی لوبنان بەرەو چ ئاراستەیەک دەبات؟

ئه‌گه‌ر له خۆشبینانه‌ترین حاڵه‌ته‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین، ئه‌وه ده‌توانم ئاماژه بکەم به هه‌ڵبژاردنێکی نائاسایی و زووتر بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام به باوه‌ڕی من ئه‌گه‌ر دۆخه‌که به زوویی ئارام نه‌بێته‌وه و خه‌ڵک له خۆپیشاندان و خرۆشی خۆیان به‌رده‌وام بن ئه‌وه به دووری نازانم که هێزی هاوپه‌یمان و نێوده‌وڵه‌تی بێنه نێو بازنه‌ی موعادلات و له وه‌زعی ئه‌م وڵاته‌دا دخاڵه‌ت بکه‌ن. ته‌نانه‌ت هێزی ئاسایشی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان دخاڵه‌ت بکه‌ن.

٩– پێشبینیی ئێوە بۆ داهاتووی لوبنان چییە؟

له پرسیاری پیشوودا باسم له‌وه کرد که دوو حاڵه‌تی هه‌یه. به‌ڵام من پێم وایه ئه‌مجار به‌شێکی به‌رچاوی وڵاتانی پێشکه‌وتوو‌ و ئازادی جیهان به تایبه‌تی یه‌کێتیی ئورووپا و ئامریکا، له پرۆسه‌ی کۆتاییهێنان به‌و وه‌زعه‌ی لوبنان پشتیوانی ده‌که‌ن. بۆ نموونه کۆمه‌ڵێک وڵات ئاماده‌یی خۆیان بۆ دانی یارمه‌تیی مرۆیی و ماڵی بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی به‌یرووت کردووه، به‌ڵام به ڕاشکاویش ئه‌وه‌یان وتووه که ئه‌م یارمه‌تییه‌ ده‌ده‌ن به خه‌ڵک نه‌‌ک ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه که ئه‌وانیش ده‌‌وڵه‌تی لوبنانیان زۆر له لا په‌سەند نییه. هه‌ر ئه‌وه‌ش به نیشانه‌یه‌کی باش ده‌زانم بۆ پێکهاتنی گۆڕانکاریی باش له پێکهاته‌ و دۆخی سیاسیی لوبناندا و ئه‌وه‌ش ده‌توانێت به مانای کۆتایی هاتن یان به ڕێژه‌یه‌کی زۆر به‌ربه‌ست کردنی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا له لوبناندا بێت.

به‌گشتی پێم وابێت ئه‌م دۆخه به قازانجی حیزبوڵڵا و دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی نییه و ئه‌مه ده‌توانێت ده‌ستی حه‌ریفانی خۆیان به‌گشتی و ئیسرائیل و ئامریکا به‌تایبه‌تی زیاتر بکاته‌وه بۆ نواندنی دژ‌ه‌کرده‌وه‌ی زیاتر و جیددیتر به دژی کۆماری ئیسلامی.

سه‌رچاوه: کوردستان مێدیا

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *