تێڕوانینێکی مافناسانە لەسەر دۆسیەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی

دکتور فه‌راز فیروزی

بۆ لێکدانەوەی ڕووداوێکی حوقووقی، پێویستە بۆچوونەکان لەسەر بنەمای فاکت و داکیۆمێنت ڕاوەستابن. لەسەر تێرۆری دوکتور قاسملوو، بەپێچەوانەی دۆسیەی میکۆنۆس، تەنانەت لانیکەمی زانیاریی فەرمیش لەسەر هەڵسووڕانی فایلی دادوەریی ڕووداوەکە لە سیستمی دادوەریی ئۆتریشدا لەبەر دەست نییە. هەر بۆیە ئەم دەقە بۆ لێکدانەوەی ئەو دۆسیە، زیاتر خۆی لە گێڕانەوەکاندا دەبینێتەوە.

لە سێزدەی ژووئیەدا، قاسملوو و قادری ئازەر، بێ ئەوەی پارێزەریان لەگەڵدا بێت و بێ ئەوەی ڕێوشوێنی ئەمنییان لەبەرچاو گرتبێ بۆ لینکە بانگاسەی ژمارە پێنج، شوێنی وتووێژ بەڕێکەوتن. دەسپێکی وتووێژ پێنج و نیوی دوانیوەڕۆ دەبێت. دانیشتن لەو ئاپارتمانەدا دەبێ کە لەلایەن فازڵ ڕەسووڵەوە دابین کرابوو و جگە لە خۆی کەس لەو بابەتە ئاگادار نەکراوەتەوە.

ئامادەبووان ئەم کەسانە دەبن: موحەمەد جەعفەر سەحراڕوودی، مستەفا مستەفەوەی (ئاجوودی)، غەفووری دەرجەزی (ئەمیر مەنسوور بۆزۆرگیان ئەسل)، فازڵ ڕەسووڵ، عەبدوڵا قادری ئازەر و عەبدولڕەحمان قاسملوو.
سەحراڕوودی و موستەفەوی تیمی وتووێژن و بۆزۆرگیان وەکوو بەرپرسی پاراستنیان لە دیوی تەنیشتی دانیشتنەکە دەمێنێتەوە. وتووێژ دەسپێدەکات و بێ ئەوەی کەس بزانێ لەلایەن قاسملووەوە لەسەر کاسێتێک تۆمار دەکرێت. دانوستان بە ئاکام ناگات و لەلایەن قاسملوو و ڕەسووڵەوە پێشنیار دەکرێ کە لە ڕۆژی چواردەی ژووئیە، کاتژمێر شەشی دوانیوەڕۆ درێژەی پێ بدرێت (لە دەنگی تۆمارکراوی سەر کاسێت وەرگیراوە). تۆزێک پاش ئەم دەنگە دەنگی تەقە لە دوو چەکی جۆری کۆڵت بەرز دەبێتەوە.

فیشەکە دەرچووەکان تەوێڵ، بناگوێ و قوڕگی قاسملوو دەپێکن و سێ جار بەر سەر و دوو جار بەر قوڕگی ڕەسووڵ دەکەون. هەردوو دەسبەجێ گیانیان لەدەست دەدەن. لەوە ئەچێ قادری ئازەر تەنیا کەسێ بووبێ کە توانیبێتی لە خۆی بەرگری بکات؛ یەک فیشەک لە سەر، دوو لە نێوقەد، یەکێک لە بناگوێ، یەکێک لە قوڕگ، یەکێک لە شان و یەکێک لە قامکی دەستی ڕاستی ئەویش دەدرێت. بکوژەکان بۆ دڵنیابوون لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیان، یەکێ یەک فیشەک لە هەرکامە لە پێکراوەکان دەدەن، بە جۆرێ کە ئاسەواری پێست و ئێسکی کوژراوەکان لەسەر (دەنگ‌بڕ)ی چەکەکان دەمێنێتەوە.

پاش ئاگاداربوونەوە، پۆلیسی وییەن بە دەسبەسەرکردنی دەرجەزی و سەحراڕوودی _ کە لە نەخۆشخانە دەبێ _ لێکۆڵینەوەکانی تاوانەکە دەسپێدەکات.
ئەوەی لێرەدا زۆر سەیر و نامۆیە، داخستنی دۆسیەکە و ڕادەستکردنی تۆمەتبارەکانە بە باڵوێزخانەی ئێران.
پاش تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن هاوژینی دوکتور قاسملوو، دادگا ڕادەگەیەنێت کە تۆمەتبارەکان بەهۆی ئەوەیکە بەڵگەی پێویستیان لەسەر نییە و ناکرێ وەکوو تاوانبار بناسرێن، ئازاد دەبن. لە نۆڤەمبری ١٩٩٢دا دادگای بەرزی ئۆتریش ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکە بەجێ دەزانێت بەڵام ئەوەش ڕادەگەیەنێت کە لە کاتی پێڕاگەیشتنی دادوەری بە دۆسیەکە؛ ناڕوونی لە بەڵگە و هۆکارەکانی تاواندا هەبووە.
ئێستە پرسیاری سەرەکی لای ئێمە ئەوەیە کە ئاخۆ دەکرێ لە دوای تێپەڕینی ماوەیەکی دوورودرێژ، دەکرێ دۆسیەکە دیسانەوە وەگەڕ بخرێت؟

لە وەڵامدا دەبێ بوترێت کە تاوانە تێرۆریستییەکان لە ڕیزی مەترسیدارترین تاوانە دژەمرۆییەکانن و لەو بۆنەوە ڕێسای “تێپەڕینی کات” (statutory limitation) نایانگرێتەوە و دەشێت لە هەر کاتێکدا بە دەسخستنی بەڵگە و داکیۆمێنتی نوێ، دۆسیەکە وەگەڕ بخرێتەوە.
بەم پێیە دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ کە:
١_ لەبەر ئەوەیکە تاوان لە چوارچێوەی سنووری نیشتمانی ئۆتریش ڕووی داوە، تەنیا دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە شیاوی پێڕاگەیشتن بەو دۆسیەن و بە لەبەرچاوگرتنی پێشێلکاریی بەردەوامی مافە نێودەوڵەتییەکان لە پرسی “مارالبیان”دا، ناکرێ چاوەڕوانی هەنگاوێکی نێودەوڵەتی بۆ دۆسیەکە لەڕووی حوقووقیەوە بین. بەداخەوە دەوڵەتی ئۆتریش لەو کاتەدا، جگە لە ژینۆساید تاوانەکانی پەیوەندیدار بە حوقووقی نێودەوڵەتیی لە چوارچێوەی ناوخۆیی خۆیدا بە تاوان دانەناوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٨ بە پەیوەستبوونی بە دیوانی کەیفەریی نێودەوڵەتیی، گشتایەتیی تاوانەکانی دەقی ئەساسنامەی دیوانی لە چوارچێوەی ناوخۆییدا گونجاندووە.
هەروەها لەسەر بنەمایەکی گشتی، مافە نێودەوڵەتییەکان بە بەشێکی دانەبڕاو لە سیستمی دادوەریی خۆی دەزانێت. لەم پێناوەدا دەبێ پێشێلکاریی کۆنڤانسیۆنی ڤییەن، پەسەندکراوی۱۹۶۱ بەشێوەی تایبەتی لەبەرچاو بگیردرێ، لەبەر ئەوەی کە تیمی تێرۆر بەگشتی بە پاسپۆرتی دیپلۆماتیکەوە وەکوو فەرمانبەری باڵوێزخانەی ئێران لە ڤییەن، چوونەتە ئۆتریش و لە پارێزبەندیی دیپلۆماتیک (diplomatic pouch) کەڵکیان وەرگرتووە و چەکە بەکارهێنراوەکانیان بردووەتە نێو ئەو وڵاتە. ئەمە بە واتای پێشێلکاریی ئاشکرای کۆنڤانسیۆنی ڤییەنە کە هەم ئۆتریش و هەم ئێران پێی پێبەندن.
٢_ ئۆتریش لە ڕێککەوتننامەی هاوکاریی ئامریکا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمدایە. لە ساڵی ٢٠١٦ یاسای دژە تێرۆری ئۆتریش، ڕێوشوێنی بەرفراوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر پێش‌بینی کرد. بە خستنەڕووی ئەم یاسایە، دەبێ لە بەڵگەنامە بڵاوکراوەکانی ئامریکا لەسەر بەدواداچوون بۆ کەیسی تێرۆری دوکتور قاسملوو کەڵکی پێویست وەربگیردرێ.
٣_ تیمی تێرۆر ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی سپای بەدر بووە کە ئێستا بە سپای قودس دەناسرێ و ئەم ڕێکخراوەش بەپێی دوایین لیستی پەسەندکراوی ئامریکا، ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە. هەربۆیە لە میکانیزمەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی خۆیان بە پێبەندی دەزانن ڕەنگە بکرێ بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی دۆسیەکە کەڵک وەربگیردرێ، ئەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی پرسە سیاسیەکان.

لە کۆتاییدا بەگشتی دەبێ بوترێت کە بابەتی تێرۆر و هەروەها کەمتەرخەمیی دەوڵەتی ئوتریش لە پێداپرژانی دۆسیەکە هۆکاری بازرگانی، سیاسی و ئەمنیەتیی بووە و لە ئێستەدا بە ناساندنی سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی و هەروەها میکانیزمە کارامەکانی چاوەدێریی دیوانی دادوەریی ئورووپا و دادگای مافی مرۆڤی ئورووپایی، هەرچەند زەحمەتە بەڵام ڕەنگە درەتان بدۆزرێتەوە کە داوای پێڕاگەیشتن و پێداپڕژانی دادوەری بە دۆسیەکەدا بکرێ.

سه‌رچاوه فه‌یسبووکی دکتور فه‌راز فیروزی

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *