سێ ساڵ زیاتر له‌وه پێش

سێ ساڵ زیاتر له‌مه‌و پیش بڕیارێکم دا که بۆ من هاسان نه‌بوو به‌ڵام پێم درووست بوو. شه‌پۆلێکی له هه‌ستی ئه‌رێنی و نه‌رێنی له نێو هاورێیانمدا درووست کرد، رۆژانێکی سه‌ختی بۆ پێش هێنام به‌ڵام پێم بڕیارێکی به‌جێ و درووست بوو. دوای ماوه‌یه‌ک بڕیارێکی دیکه‌م‌دا که ئه‌ویش هاسان نه‌بوو به‌ڵام ئه‌ویشم پێ درووست بوو. ئێستا که زیاتر له سێ ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی، چاوێکم به نووسراوه‌که‌مدا خشانده‌وه، دیتم هه‌ندێک باسی تێدایه که جێێ خۆیه‌تی دیسان بخوێندرێته‌وه. باسی راسانیشی تێدایه که چی ئه‌وکات من ئاگام له‌و باسه له نێو رێبه‌ری حدکادا نه‌بوو. به بێ ده‌مارگرژی و مه‌به‌ستی تایبه‌تی ده‌ڵێم که رۆژهه‌ڵات یه‌ک دێموکراتی زیاتر قه‌بووڵ نیه. بۆ رۆژهه‌ڵاتێکی سه‌رفه‌راز هه‌ندێک ئاماژه له‌و نووسراوه‌یه‌دا هه‌ن،بۆیه ده‌قی نووسراوه‌که‌م وه‌ک خۆی دیسان بڵاو ده‌که‌مه‌وه.
رێز و حورمه‌ت بۆ هه‌موو تێکۆشه‌رانی دێموکرات.
هاورێی‌ هه‌میشه‌ییتان کاوه ئاهه‌نگه‌ری
———
راگەیاندن سەبارەت به دەست پێکردنی تێکۆشانم له حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا
هاونیشتمانانی خۆشەویست
تێکۆشەران و لایەنگرانی دێموکرات
وەک ئاگادارن ماوەیەک لەوه پێش و به دوای کۆنگرەی ١٦ی حدکدا، له رێگای راگەیاندنێکی کورتەوه دەست له کار کێشانەوەی خۆم لە ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندیی و ئەندامێتی حدک راگەیاند. ئەمرۆکه به پێویستی دەزانم له سەر هەندێک باس و هۆکارەکانی ئەم بڕیارەم بدوێم. بەر له هەموو شتێک و له رێگای ئەم چه‌ند دێڕەوه له ئاست تێکۆشەرانی دێرین و کادر و پێشمەرگەی نێو ریزەکانی حدک وەک هەمیشه رێز و حورمەتی خۆم ده‌نوێنم و به لێکدانەوه و تێڕامان له کۆمەڵێک کێشه و گرفتی جیددی که بەرۆکی حدکیان گرتووه، دەڕوانمه داهاتوو و نیگەرانیی خۆم دەکەمه هەوێنی ئەم نووسراوەیه و به پێویستی دەزانم روو له هاونیشتمانانی خۆشەویستم بکەم.
 
هۆکاری دەست له کار کێشانەوەم له حدک
 
ساڵی ٢٠٠٦ به دوای جیابوونه‌وه‌ له حدکا و بڵاوبوونه‌وه‌ی سه‌نه‌دی “هێڵه گشتییەکانی رێبازی ئێمه” که کۆمه‌لێک واده و به‌لێنی سیاسی- موبارزاتی و پڕێنسیپی نێوحیزبی له خۆ گرتبوو، منیش لای حدک‌م هەڵبژارد. ئەم بەڵێنی و وادانه له کۆنگرەی چاردە و له توێی بەرنامه و ئەساسنامه و بڕیارەکاندا، له لایەن نوێنەرانی کۆنگرەوه پەسند کران و وەک ئەمانەت و ئەرک به رێبەریی هەڵبژێردراو سپێردران.هەموو ئەوانەی ئەو کات لە حدکدا بوون دەزانن کە چ ئیرادە، بڕوا، هیوا و هێزێک لە کۆنگرەی چاردەوە تەحویلی رێبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرە درا، بەڵام مەخابن هەر لە دوای کۆنگرەوە، رۆژ بە ڕۆژ ئەم هیز و توانایە تووشی پەڕتەوازەیی و ئاستەنگ و نائومێدی دەکرا. هەر زۆر زوو پێشێلکاریی سیاسی – پرێنسیپی ده‌ستی پێکرد (له لابردن درووشمی رووخانی رژیمی کۆماری ئیسلامی له داوێنی رۆژنامه‌ی کوردستان ئۆرگانی حدک به بێ پرس و ڕای کومیته ناوه‌ندی را بگره تا شێوه‌ی به‌رێوه‌ بردنی کۆنگره‌ی شازده) و دەتوانم بڵێم لە شەش مانگ دوای کۆنگرەی چاردەوە کەوتمە رەخنەگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی. بە داخەوە وردە وردە وای لێهات کە لادان و پیشێلکردنی بەرنامە و ئەساسنامە، بازدان بەسەر کۆمیتەی ناوەندیدا و تەكڕەوی و گوێ نەدان بە دەنگی ناڕەزایەتی و رەخنە لە ناو ڕێبەریدا، بە جۆرێک رێک بخرێ و هێندێک کەس لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە.
ئیستا ئەم لادان (ـە سیاسی – پرێنسیپی) و پێشێلکارییە ئاشکرایە لای کەس شاراوە نییە و لە کۆنگرەی 16ی حدکدا بە ترۆپکی خۆی گەیشت. منیش بە پێی تێگەیشتنم لە کاری تەشکیلاتی و حیزبی، هەمیشە کەسی یەکەمم بە بەرپرسیاری ئەم دۆخە زانیوە و هەر بۆیەش لە کۆنگرەی 16 دا، زیاتر لە هەموو کەسێک کەوتمە بەر هێرش و بێڕێزی پێکردن. ئەوەی لە لای من زۆر گرنگ بوو، لادانێکی سیاسی لە رێباز و مێتۆدی کاری حیزبی دێموکرات کە بە هاتنەسەرکاری کاک خالید عەزیزی لە نێو حدکدا جێگیر کراوە و منیش لە ماوەی 9 ساڵی رابردوودا نەمتوانیوە سازشی لەگەڵ بکەم. هەر بۆیە لە دوای کۆنگرەی 16، ئەگەرچی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییش بووم، لە توێی نووسراوەیەکی کورتدا، واز هێنانی خۆم لە حدک راگەیاند.پێویستە لێرەدا بڵێم ئەم مەترسییە کە بەرۆکی حدکی گرتووە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زیانێکی زۆری بە حیزبی دێموکراتی کوردستان گه‌یاندووه، دەتوانم بڵێم زیاتر لە هەر هۆکارێکی دیکە‌ دەتوانێ لە سەر دوور خستنەوە و بگرە دژ بە یەکتر کردنی دوو دێموکرات شوێن دانەر بێ.
 
تێکۆشەران و دڵسۆزانی دێموکرات
 
باسی هەرە ئەساسیی لای من، داهاتووی دێموکراتە کە بێ گومان لە سەر داهاتووی سیاسی و پرسی کورد لە ئێران شوێندانەرە. هەر بۆیە دەبێ بە گرنگی و بایەخی زۆرەوە، بڕوانینە دۆخ و داهاتووی ئەم حیزبە. کە چاو لە مێژووی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، دەبینین حیزبی دێموکرات یەکەم حیزبە و زیاترین نرخیشی بۆ گەلەکەی داوە. هەر بۆیە حەقی خۆیەتی خاوه‌ندارێتی پرسی کورد له ئێراندا بکات و ئەم حەقەش ئەرکێکی قورسی خستووەتە سەر شانی؛ هەر لەم سۆنگەیەشەوە ئەندامانی حیزبی دێموکرات نابێ لە ئاست ئەم بەرپرسایەتی و ئەرکە کەمتەرخەم بن. ئێستا کە ناوچە، ئێران، رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات، کەوتوونەتە دۆخێکی تایبەت و هەستیارەوە، دوژمن و ناحەزی سەرەکیی کورد و دێموکرات، واتە کۆماری ئیسلامی، کەوتووەتە بەڕێوەبردنی پیلانێکی چڕوپڕ، لە دژی چارەنووسی حیزبەکەی شەهیدان، پێشەوا قازی محەمەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی. ئەم مەترسییە کە لە کەمینی حیزبی دێموکراتدایە، هەموو دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات ئەرکدار دەکات کە وێڕای بە هێند گرتنی، بیر لە ڕاسانێکی سەردەمیانە بکەنەوە.
 
بیرمەندان، رووناکبیران و لاوانی کورد
 
ڕابردووی سیاسیمان لەگەڵ ئەوەی کە پڕە لە لاپەڕەی زێڕین و قارەمانێتی و کەسایەتیی جێی شانازی، بەلام بێ کەم و کوڕی و هەڵەش نەبووە. نەوە سیاسییەکانی رابردوومان چ باش و چ بێ هەڵە کاریان کردبێ و چ بە هەڵە و کەمکارییەوە، پرسی کورد بە حەل نەکراوی ماوەتەوە و ئەم پرسە ئەمڕۆکە بەرۆکی ئێمە و نەوەکانی دوای ئێمەی گرتووە. من بە تێگەیشتنی خۆم پرسی کورد لە هاوکێشەکانی نێودەوڵەتی، ناوچەیی، ئێران و کوردستاندا دەخوێنمەوە.دیتنەوەی رێگا چارە بۆ پرسی کورد، یان بردنەپێشی کەیسی کورد لە رووی سیاسییەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرک و کارێکی قورس و دژوارە و بێگومان کاری یەک کەس یان بە زۆری یەک شار و ناوچە نییە بەڵکوو وەک لە نێوەکەیڕا دیارە، کارێکی نیشتمانی و کوردستانییە. واتە هەموو کوردێک لە هەر شوێنێک و بە هەر شێوەیەک کە بۆی دەکرێ، پێویستە بۆ سەرخستن و چارەسەر کردنی پرسی کورد حەولی خۆی بدات.
بۆ من لەمڕۆکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و لە رۆژژمێری سیاسیمدا، کرماشان، ئیلام و لوڕستان، گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە و بە داخەوە کەم کارییەکی حاشا هەڵنەگر لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا بە نیسبەت ئەم بەشەی نیشتمان دەبینرێ. پێم وایە ئەم بەشە لە نیشتمان لە رووی سیاسییەوە، دەتوانێ فاکتەری یەکلاکەرەوە بە نیسبەت داهاتووی سیاسیی کوردستان (لە ئێران) بە باشترین و خراپترین حاڵەت بێ.
باسی ژنان لە حیزبی دێموکراتدا، بەڕۆژ بوونی گوتاری سیاسی، شەڕی فکری و خەباتی چەند رەهەندی وەک زەروورەتێک لەم سەردەمەدا و … دەیان پێویستی و زەروورەتی تر، پێمان دەڵێن کە گرنگی دان بە رووناکبیران، بیرمەندان، ئاکادیمیسیەنەکان، ژنان و لاوان، ئەرکێکی حەیاتییە و پێویستە پرسی سەرەکی لە کار و تێکۆشانی رۆژانەماندا بێ. وەک خۆم باوەڕم بە پێداچوونەوە و نوێژەن کردنەوە و چاکسازیی چەند رەهەندی لە پەکەیجی خەباتماندا هەیە. هەر بەم نەفەس و تێڕامان و هیوایە، دەڕوانمە داهاتووی حیزبی دێموکرات و بۆ سەرخستنی شۆرشی کورد له ئێران بە پێی توانای خۆم، هه‌وڵ ده‌ده‌م.
به دوای لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی خۆم، پێویسته بلێم که؛ به خۆشیه‌وه هێشتا پڕێنسیپ و ئوسوول له لای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بایه‌خی خۆی هه‌یه و بۆ خزمه‌ت به رێبازی رێبه‌رانی شه‌هیدمان ده‌چمه نێو ریزه‌کانی حدکا.
 
سڵاو بۆ شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزیان
رێز و خۆشەویستیم بۆ هەموو تێکۆشەرانی دێمۆکرات و نیشتمانپەروەرانی نێوخۆی وڵات
سڵاو له ئازادی
کاوه ئاهەنگەری
١٧ی جۆزه‌ردان، ۱۳۹۵

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *